کوردی و تورکی و زمانگه‌لی وێنه‌ی ئه‌وانه زمانی ته‌واوعه‌یارن و زۆر هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر به ڕاوێژ یان ته‌نانه‌ت به زاراوه نێودێر بکرێن. چونکه زاراوه هه‌ر جیاوازییه‌کی ده‌ربڕینه، وه‌ک زاراوه‌ی ئیسفه‌هانی له به‌رامبه‌ر زاراوه‌ی یه‌زدی دا.
ئه‌گه‌ر ئه‌من ده‌گه‌ڵ تاجیکییه‌ک قسان بکه‌م هیچ گیروگرفتێکم بۆ تێگه‌یشتن له زمانی وی که نیشته‌جێی وڵاتی تاجیکستانه نییه، چه‌ند وشه نه‌بێ که له‌وانه‌یه بپرسم مه‌به‌ستی چییه. واته پێوه‌ندییه‌که تێکناچێ. به‌و پێیه ئێمه به‌وه ده‌ڵێین زاراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له نێوان 60 له سه‌د یان سه‌رتر پێوه‌ندییه‌که تێکچێ پێیده‌ڵێین ڕاوێژ، که تا ڕاده‌یه‌ک تێده‌گه‌ین لایه‌نه‌که‌ی تر ده‌ڵی چی، به‌ڵام پێوه‌ندیی ته‌واو سه‌رناگرێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر گیله‌کییه‌ک بێ و قسه‌م ده‌گه‌ڵ بکا، من تێناگه‌م ده‌ڵێ چی، که وایه من ده‌ڵێم ئه‌وه زمانێکه؛ گیله‌کی زمانه، مازه‌نده‌رانی زمانه، کوردی، تورکی زمانن. به‌ڵام ئه‌و داستانه که ئه‌وانه له ڕابردوو دا چ زمانێکیان هه‌بووه باسێکی دیکه‌یه.
له کۆبوونه‌وه‌ی زانستگه‌ی تۆرۆنتۆ دا یه‌کێک پرسیاری کرد: ئایا زمانێک، هه‌ر به له ناوچوونی ئاخێوه‌رانی ده‌مرێ یان به شێوه‌یه‌کی تریش ده‌مرێ؟ به‌ڵێ، زۆربه‌ی وڵاتانی باکووری ئه‌فریقا که ئێستا به عه‌ڕه‌ب داده‌ندرێن، وه‌ک میسر و چه‌ند به‌شی گه‌وره له عێڕاق؛ ئه‌وانه هه‌ر به عه‌ڕه‌بی قسه‌یان نه‌ده‌کرد. کاتێک ئیسلام به سه‌ریاندا زاڵ بوو و له‌و وڵاتانه ده‌سه‌ڵاتی عه‌ڕه‌ب سه‌قامگیر بوو، زمانه‌که‌یان بوو به عه‌ڕه‌بی و ئه‌وانه بوونه نه‌ته‌وه‌یه‌کی عه‌ڕه‌ب. به‌و پێیه، ئه‌گه‌ر له ئازه‌ربایجاندا سه‌رده‌مێک به ڕاوێژێکی فارسی قسه کراوه و دوایه تورکی بۆته باو، ئه‌وه باسێکی مێژوویییه. ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه زمانی تورکییه و زمانی تورکیش زمانێکه. زمان‌ناسان زاراوه‌یه‌کیان هه‌یه پێیده‌ڵێن Linguistic Islands واته دورگه زمانییه‌کان. به‌و مانایه که له‌وانه‌یه له گوندێکی ئازه‌ربایجان خه‌ڵک به تورکی نه‌دوێن و به ئازه‌ریی کۆن بدوێن، هه‌روه‌ک چۆن له میسریش تاقمگه‌لێک هه‌ن که ئێستاش زمانه کۆنه‌کان ده‌زانن و کوت کوت وه‌ک دورگه زمانییه‌کان ماونه‌وه. به‌و پێیه ئه‌وه دوو باسی جیاوازه. ئه‌وه که ئێستا تورکی زمانه یان نا؟ وه‌ڵام "ئه‌رێ"یه؛ ئه‌وه‌ش که سه‌رده‌مێک مه‌ڵبه‌ندی ئازه‌ربایجان به زمانێک دواوه که ڕیشه‌ی ئێرانی هه‌بووه ڕاسته، به‌ڵام ئه‌وانه دوو بابه‌تی جیاوازن.
له بنه‌ڕه‌تڕا بۆچوونی یه‌ک وڵات و یه‌ک زمان وه‌ک ئاوارته ده‌نوێنێ نه‌ک وه‌ک ڕێسا. ئێوه به ده‌گمه‌ن شوێنێک ده‌بیننه‌وه که هه‌ر یه‌ک زمان بێ و یه‌ک وڵات. بۆ وێنه له ئینگلستان له ئه‌یاله‌تی وێلز خه‌ڵک به وێلزی ده‌دوێن و ئینگلیسییش ده‌زانن، به‌ڵام هه‌رچۆنێکی بێ زمانی ڕه‌سمی، بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌ته‌وه‌یه‌ک دابندرێن، ئینگلیسییه و ئه‌وان ده‌توانن قسه‌ی پێ بکه‌ن. له وڵاتی کانادا دوو زمانی ڕه‌سمی هه‌یه، ئینگلیسی و فه‌ڕانسه‌یی. به هه‌ر زمانێکی ده‌ته‌وێ قسان بکه، به‌ڵام کاتێک ده‌ته‌وێ پێوه‌ندی به ئیداره‌یه‌کی ده‌وڵه‌تییه‌وه بگری ده‌بێ نامه‌که‌ت به یه‌ک زمان بنووسی، هه‌تا یه‌کگرتوویییه‌ک هه‌بێ.
[له ئێران‌دا ئه‌وانه‌ی زمانی زکماکییان فارسی نییه] ده‌بێ زمانی فارسی وه‌ک زمانی سه‌ره‌کی فێر بن. به بڕوای من له درێژخایه‌ندا ڕێگاچاره‌ی ئێران و وڵاتانی وه‌ک ئێران ده‌وڵه‌تگه‌لی فێدێڕاڵه، که ئه‌وانه هه‌ر کامیان ده‌بێ له سیستمی فێرکردن، سیستمی په‌روه‌رده و بارهێنان و شاره‌داری و ئه‌و چه‌شنه شتانه سه‌ربه‌خۆ بن و مه‌سه‌له گشتییه‌کان، وه‌ک سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و دارایی، ده‌بێ له ده‌ست ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دا بن. ئه‌من پێموایه هه‌موو وڵاته‌کان ڕۆژێک ئاوایان لێدێ. له ئێرانێشدا هه‌ر وایه.
ئێستا بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به‌لووچه‌کان حه‌ز ناکه‌ن سه‌ر به ئێران بن، من بۆخۆم هیچ هۆیه‌ک نابینم که به زۆری ناچاریان بکه‌ین هه‌ر ده‌بێ سه‌ر به ئێران بمێننه‌وه. زۆران پێیانوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوه بقه‌ومێ قیامه‌ت ڕاده‌بێ، به‌ڵام من وا بیر ناکه‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی پرێستیژ بێ قه‌ت که‌س حه‌ز ناکا به وڵاتی دراوسێوه بلکێ. بۆ وێنه له وڵاتێکی وه‌ک سویس دا چه‌ند زمان قسه‌یان پێده‌کرێ: ئاڵمانی، ئیتالیایی، فه‌ڕانسه‌یی و چه‌ند زمانی دیکه‌ش...، ئێستا ئه‌گه‌ر له‌وێ له که‌سێک پرسیار بکرێ "خه‌ڵکی کوێی؟"، قه‌ت نایه‌وێ بڵێ ئاڵمانیم، ده‌ڵی سویسیم، چونکه ئه‌گه‌ر سویس هاوشانی ئاڵمان نه‌بێ، یان له‌ویش سه‌رتر نه‌بێ، که‌متر له‌وی نییه. ئه‌گه‌ر ناوچه‌ی به‌لووچستانی ئێمه ناوچه‌یه‌کی ئاوه‌دان با و سه‌رمایه‌ی به ڕاده‌ی پێویست بۆ ته‌رخان کرابا و بۆ وێنه وه‌ک [ئوستانی] فارس ئاوه‌دان با، هیچکه‌س حه‌زی نه‌ده‌کرد بچێته ئه‌وبه‌ر، بۆ وێنه پاکستان؛ به‌ڵام ئێستا که وا نییه حه‌ز ده‌که‌ن ده‌گه‌ڵ خزمه‌کانی ئه‌وبه‌ریان یه‌ک بگرن و...، ئه‌و مه‌سه‌لانه پێوه‌ندییان به‌وه‌وه هه‌یه که مه‌مله‌که‌ت چه‌نده بره‌وی هه‌یه و خه‌ڵک چه‌نده هۆگری ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌ن، ئه‌وه‌ش به زۆری پێکناهێندرێ. دیاره ئێمه گیروگرفتێکیشمان هه‌یه، بۆ وێنه ئینگلستان، که به‌شێکی به زمانی وێلزی ده‌دوێن دراوسێی وایان نییه که خۆ تێهه‌ڵقوتێنن، ئێمه ده‌ورانده‌ورمان دراوسێی له‌و چه‌شنه‌ن، وڵاتی ئازه‌ربایجان له باکووره، کورده‌کان، عه‌ڕه‌به‌کان دراوسێمانن... کاتێک سه‌ددام له سه‌ر کار بوو نه‌خشه‌یه‌ک چاپ کرابوو که خوزستانی به عه‌ڕه‌بستان دانابوو، ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ش هه‌ن.
ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و بوارانه دا شووی لێ هه‌ڵده‌کێشن ئه‌گه‌ر بۆخۆشیان حکومه‌تیان به ده‌سته‌وه بێ ده‌بینن که ده‌بێ زمانێک هه‌بێ هه‌تا خه‌ڵک بتوانن پێکه‌وه پێوه‌ندی بگرن، هیچ ڕيگایه‌کی دیکه نییه.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
• سه‌رچاوه
http://www.shahrvand.com/Default.asp?IS=929&Content=NW&CD=AL&NID=63#BN929
o ئه‌وه‌ی وه‌رمگێڕاوه‌ته‌وه به‌شێکه له‌و وتووێژه‌ی ده‌گه‌ڵ دوکتور محه‌ممه‌دڕه‌زا باتێنی کراوه. سه‌ردێڕی ئه‌و به‌شه بۆخۆم دامناوه. - هێدی-
o دوکتور "محمدرضا باطنی" له ساڵی 1313ی هه‌تاوی دا(1934ی زایینی) له ئیسفه‌هان له دایک بووه، دوکتورای زمان‌ناسی هه‌یه و هێندێک له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وانه‌ن: «توصيف ساختمان دستوری زبان فارسی»، «نگاهی تازه به د‌ستور زبان»، «فرهنگ معاصر»، «ساخت و كار ذهن»، «مقدمه‌ای بر فلسفه»، «فلسفه هنر نيچه».
o کتێبی «نگاهی تازه به د‌ستور زبان» له لایه‌ن کاک "حه‌سه‌نی قازی"یه‌وه، به نێوی «ئاوڕیکی تازه بۆ سه‌ر ڕێزمان»، کراوه به کوردی و ساڵی 1993 له سوئێد چاپ کراوه.