تبليغاتX
nation کردستان kurd - کوردستانی - راپۆرتی په‌یامنێر ده‌رباره‌ی سێیه‌مین دانیشتنی دادگای بریندارانی كیمیایی سه‌رده‌شت له‌ ل
تاریخی .سیاسی. اجتماعی.
Peyamner PNA- مه‌نسوور جیهانی/ تاران ـ سێیه‌مین دانیشتنی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی "فرانس فان ئانرات" تاجری هۆڵه‌ندی كه‌ ده‌ڵاڵ و فرۆشیاری ماده‌كانی دروستكردنی چه‌كی كیمیایی به‌ حكومه‌تی سه‌دام حوسێنه‌ له‌ دادگای لاهای له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌چووه‌و.
له‌م باره‌یه‌وه‌ "عوسمان موزه‌یه‌ن" ده‌بیری كومیته‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی مافه‌كانی بریندارانی كیمیایی سه‌رده‌شت (ODVCW) له‌ دیدارێكی تایبه‌ت بۆ ئاژانسی هه‌واڵی كوردستان ـ په‌یامنێر ـ گوتی: "له‌ سه‌ره‌تای دانیشتنی سێیه‌مدا دادستانی دۆسییه‌كه‌ به‌ نیشاندانی چه‌ندین دیكۆمێنت سه‌لماندی كه‌ سه‌دام حوسێن له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری خۆیدا تووشی ژینووساید و كۆمه‌ڵكوژی دژ به‌ گه‌لی كورد بووه‌."
موزه‌یه‌ن هه‌روه‌ها گوتی: "نیشاندانی به‌ڵگه‌و و دیكۆمێنتی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نفال یا له‌ ناو بردنی كورد و چۆڵكردنی گوندو ناوچه‌كانی كوردنشین، بۆردومانی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌، و ته‌نانه‌ت هێرش كردنه‌ سه‌ر شاره‌ كوردنشیه‌نه‌كانی ئێران وه‌كوو سه‌رده‌شت، مه‌ریوان و شنۆ له‌ سێیه‌مین دانیشتنی دادگای پێداچوونه‌وه‌دا، وه‌كوو به‌ڵگه‌كانی دیكۆمینتی راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ دوژمنی و دژایه‌تی ته‌واوی سه‌دام له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد ده‌سه‌لمێنێت و نیشانده‌دات كه‌ ئه‌و تاوانباره‌ تووشی ژینۆساید یا كۆمه‌ڵكوژی بووه‌."
هه‌روه‌ها گوتیشی: "دادستانی یه‌كه‌می دۆسییه‌كه‌ش له‌ دادگای سه‌ره‌تاییدا هه‌روه‌ها ئه‌و تاوانانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی راگه‌یاندبوو، به‌ڵام به‌و هۆیه‌ی كه‌ ئێمه‌ نه‌مان ده‌توانی سه‌باره‌ت به‌ فرانس فان ئانرات عونسورێكی مه‌عنه‌وی له‌ ئه‌نجامدانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ دادگادا بسه‌لمێنین، زۆرتر سه‌باره‌ت به‌ سه‌لماندنی تاوانی جینایه‌تی جه‌نگی پێداگریمان كرد."
ده‌بیری كومیته‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی مافه‌كانی بریندارانی كیمیایی سه‌رده‌شت گوتی: "له‌م دانیشتنه‌دا هه‌روه‌ها دادستان، دیكۆمێنت گه‌ل و چه‌ندین بارنامه‌ی ئاراسته‌ كرد كه‌ نیشانه‌ی هه‌ڵگرتن و هاتووچۆپێكردنی ئه‌و كه‌لوپه‌ل و ماده‌ سه‌ره‌كییانه‌ بۆ دروستكردنی چه‌كی كیمیایی بوو. هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دامه‌زراندنی نزیكه‌ی 9 كۆمپانیای رواڵه‌تی له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا ده‌رخست كه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ماده‌ ناوبراوه‌كان دروستكرا بوون."
ئه‌و یاساناسه‌ گوتی: "پاشان دادستان پشتی به‌ وته‌كانی "تاناكا" به‌ست كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هاورێ و شه‌ریكه‌كانی فرانس فان ئانرات له‌ دروستكردنی ماده‌ی كیمیایی. تاناكا ته‌نانه‌ت چه‌ندین ماده‌ی له‌ وڵاتی ژاپۆن كریوه‌و گواستوویه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا و له‌ خزمه‌تی فرانس فان ئانرات دایناوه‌. هه‌روه‌ها تاناكا كه‌ له‌ دادگای سه‌ره‌تاییدا ئاماده‌ ببوو، ددانی به‌وه‌دا نابوو كه‌ ئه‌و مادانه‌ی له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا سازكرابوون، TJیه‌ كه‌ بۆ دروستكردنی ماده‌كان و چه‌كی كیمیاییه‌كان كه‌ڵكیان لێوه‌رگیراوه‌."
موزه‌یه‌ن ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "هه‌روه‌ها پێناسه‌و هه‌وییه‌ی عێراقیی فرانس فان ئانرات له‌ دادگا خرایه‌ روو كه‌ ماوه‌ی 13 ساڵ به‌ ناوی "فاروس المنسوور" به‌ شێوه‌ی نهێنی له‌ هوتێلی "الره‌شید" له‌ شاری به‌غداد ده‌ژیا."
عوسمان موزه‌یه‌ن له‌ كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا گوتی: "له‌ كۆتایی دانیشتنی سێیه‌می دادگای پێداچوونه‌وه‌دا بارنامه‌گه‌لێك ده‌رخرا كه‌ نیشانی ده‌دا، ماده‌كانی ناوبراو به‌ 2 شێوه‌ واته‌ له‌ رێگای ئاویی و ویشكاییه‌وه‌ گوازراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غداد، به‌م واتایه‌ كه‌ له‌ رێگای به‌حر له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ یه‌كێك له‌ به‌نده‌ره‌كانی ئیتاڵیا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ی ئه‌رده‌ن و پاشان بۆ به‌غداد گوازراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م مادانه‌ له‌ رێگای ویشكاییه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ماشێنی بارهه‌ڵگر بۆ توركیا و له‌وێشه‌وه‌ بۆ به‌غدا ده‌گوازرانه‌وه‌."

+ نوشته شده در  پنجشنبه ششم اردیبهشت 1386ساعت 19:30  توسط یک کرد  |