چه‌مکی شێعری کۆنکرێت(Konkrete Poesie) دوای 1950 له زۆر وڵاتان هاوکات سه‌ری هه‌ڵدا. لایه‌نگرانی ئه‌و ڕه‌وه‌ته مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو پێوه‌ندیی پیت و وشه‌کان و ته‌نانه‌ت خاڵبه‌ندییه‌کانی ڕسته‌ش، ده‌گه‌ڵ زمان بپچڕێنن و به شێوه‌یه‌کی "کۆنکرێت"، وه‌ک وێنه، له به‌ر چاوان زه‌قیان که‌نه‌وه. ئه‌و شێوه "شێعر"انه له کوردی‌دا به "شێعری وێنه‌یی"، یان هه‌ر به "شێعری کۆنکرێت" ناسراون.
دوای ئه‌وه که هێندێک شاعیر ئه‌و شێوه‌یه‌یان ڕه‌چاو کرد، که‌وتنه به‌ر ڕه‌خنه. هێندێک پێیان قۆڕییات بوو، هێندێکیش پێیان وابوو ئه‌وه سه‌قه‌تکردنی زمانه و هیچی دی.[1]
د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر ده گۆڤاری "شین"ی ژماره 5 دا وتارێکی ئاماده کردووه که به‌شێکی نووسینی خۆیه‌تی و به‌شێکی وه‌رگێڕدراوه‌یه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه‌که‌ی دیاری نه‌کردووه! ده‌و وتاره دا سه‌باره‌ت به "شێعری کۆنکرێت" نووسیویه:
"... له هه‌موو حاڵه‌تێک[دا] ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مه له ناو ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا شتێکی تازه‌یه و ده‌توانین بڵێین[ده‌کرێ] شاعیر عه‌باس عه‌بدوڵڵا یۆسف به یه‌کێ له به‌رایییه‌کان دابنرێ که شێعری کۆنکرێت یان شێعری وێنه‌داری نووسیبێ(بڕوانه هۆنراوه‌ی "بۆردومانی مێشێک").
شێعری کۆنکرێت دوو لایه‌نی گرینگی هه‌یه: یه‌که‌میان په‌یوه‌ندیی به هه‌ڵوێستی شاعیره‌وه هه‌یه، دووه‌میان په‌یوه‌ندیی به زمانه‌وه هه‌یه، واته په‌یوه‌ندیی به که‌ره‌سه‌ی پیشه‌سازییه‌وه هه‌یه. لێره‌وه ئه‌دیب هه‌وڵ ده‌دا ده‌ربڕینی شێعری بگۆڕێته سه‌ر ده‌ربڕینی مه‌وزوعییانه نه‌ک زاتییانه، ئینجا دواتر هه‌وڵ ده‌دا تاوتوێ له‌گه‌ڵ زماندا بکا به شێوه‌یه‌کی نوێ.
شێعری کۆنکرێت دژی بیرۆکه‌ی داهێنان و که‌سایه‌تیی زاتییه له ده‌ربڕیندا. چونکه وشه قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه. کاری ئه‌دیبیش(شاعیر) بریتییه له ڕیزکردنی وشه‌کان و دووباره‌کردنه‌وه‌یان و ڕێکخستنیان له ڕووبه‌رێکی دیاریکراو به شێوه‌یه‌کی گونجاو دیاریکردنی ئاراسته‌که‌ی[خۆزگه‌م به‌وه‌ی ده‌و ڕسته‌یه ده‌گا!- هێدی-]. ده‌کرێ بڵێین ئه‌م پێکهاته یان ئه‌م داڕشتنه یارمه‌تی خوێنه‌ریش ده‌دا به ئازادی هه‌ڵوه‌سته‌ی له به‌رامبه‌ر دا بکا.
به‌م چه‌شنه، وشه له مانای زمانه‌وانیی خۆی ڕزگار ده‌بێ و ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ڕێزمانییه ئاسایییه‌کان. چونکه وشه لێره [دا] ته‌نیا ماده‌یه، ئه‌دیبیش به شێوه‌یه‌کی نازمانی به کاری ده‌هێنێ، واته له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه زمانه‌وانییه ئاسایییه‌کان، ڕوانینی شاعیر زیاتر به‌ره‌و ناوه‌وه و فۆرم و وێنه ده‌چێ. ده‌بینین له حاڵه‌تی شێعری کۆنکرێت[دا] وشه له‌گه‌ڵ وشه‌ی دیکه په‌یوه‌ندییه‌کی نوێ دروست ده‌که‌ن، شێوه‌ی ڕه‌سم و وێنه‌ی خه‌یاڵی وه‌رده‌گرن.
له شێعری کۆنکرێت[دا]، ده‌بینین خوێنه‌ر زۆر گرینگی به وشه‌کان و ماناکانیان نادا، بگره ڕاسته‌وخۆ ئه‌و وێنه‌یه سه‌رنجی ڕاده‌کێشی که به پله‌ی یه‌که‌م دێ. ئینجا دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وشه‌کان و ماناکانیان.
شێعری کۆنکرێت، وێنه‌یه‌که له شێعری نوێ و ڕووخساره‌کانی ئه‌وی هه‌ڵگرتووه. به‌و مانایه‌ی دووره له هه‌ڵچوونی ویژدانی و ده‌روونی و ڕزگاربوونه له چوارچێوه و پێوه‌ره هونه‌رییه‌کان وه‌ک کێش و سه‌روا و هه‌روه‌ها ڕزگاربوون له زۆر به‌کارهێنانی زمان له گشت لایه‌نێک، له سیاسه‌ت و ئابووری و ڕاگه‌یاندن و ڕێکلام(بڕوانه زمانی ئاڕم و ئافیشه‌کان)...هتد.
به‌و مانایه‌ی شێعر هه‌ڵکه‌وتێکی ئاخاوتنیی هه‌یه و له لایه‌نی شاعیره‌وه دروست ده‌کرێ، ده‌شێ شاعیر له‌م دروستکردنانه دا په‌نا بۆ زانست و ته‌کنیکی زانستی و ئه‌ندازه‌یی نوێ ببا." - د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر، گۆڤاری شین، ژماره 5، تشرینی یه‌که‌می 2004، لاپه‌ڕه 86، وتاری "شێعری کۆنکرێتی ئه‌ڵمانی"-
وێده‌چێ لایه‌نگرانی "شێعری کۆنکرێت" له کوردستان هه‌ر ئه‌و "جوایه‌ز"انه بن که گێره‌یان له هه‌ولێرێ ده‌گه‌ڕێ! هێشتا ناتوانن ڕسته‌یه‌ک به کوردییه‌کی ڕاست و ڕه‌وان بنووسن، که‌چی زمانیان پێ ته‌نگه‌به‌ره و بۆ ئه‌وه که له چوارچێوه‌ی زماندا پشووبڕ نه‌بن په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شتێک که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به مه‌به‌ستی هه‌ڵته‌کاندن و سه‌قه‌تکردنی زمان سه‌ری هه‌ڵداوه! پاش ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی ئاوا له شوێنی دیکه باوی نه‌ما و وه‌ک ئه‌زموونێکی سه‌رنه‌که‌وتوو له بیر چۆوه، له سایه‌ی سه‌ری هێندێک به ناو نوێخوازه‌وه، له کوردستان، قوت ده‌کرێته‌وه و وه‌ک بابه‌تێکی هه‌ره نوێ ده‌رخواردی خه‌ڵک ده‌درێ!
http://www.3ashan.net/hedi/archives/000160.php
http://www.kurdistannet.net/shin
--------------------------------------------------------------------------
[1]: زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر "شێعری کۆنکرێت"، به ئاڵمانی
http://www.reinhard-doehl.de/konkret1.htm
