به‌ڕێز كاک جه‌عفه‌ری حوسێن‌پوور(هێدی)
به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه،
وتووێژهكهتانم له‌گه‌ڵ كاک فاتیح شێخولئیسلامی له سایته‌كه‌تاندا بینی. ده‌ستتان خۆش بێت كه كاک فاتیحتان هێنایه قسه.
له قسه‌كانیدا كاک فاتیح ئاماژه‌ی به ساڵانی خوێندكاریی خۆی له تاران و ڕۆژنامه‌ی كوردستان و ژماره‌ی تایبه‌تی مردنی گۆران كردبوو. وا كۆپییه‌كی ئه‌و ژماره‌یه‌م بۆ ناردن. وا هه‌یه بۆ خۆتان و كاک فاتیح و كاک ئه‌میریش كه‌ڵكی هه‌بێت و ببێته هۆی ڕاوێژی زیاتر له‌سه‌ر شێعری ئه‌و ساڵانه.
سه‌ركه‌وتوو بن
ئه‌نوه‌ر سوڵتانی
19.01.2004
-----------------------------------------------------------------------------
كاک فاتیح له وته‌كانیدا، كه له وتووێژێكی ڕادیۆییم وه‌رگرتبوون، ده‌ڵێ: "ئێمه له جامیعه‌ی تاران جه‌ماعه‌تێک خوێندكاری ئه‌و سه‌رده‌مه كه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و شێعر و ئه‌وانه سه‌روكارمان بوو، هه‌وڵێكمان دا بۆ ئه‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی تایبه‌تیی ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی، كه ئه‌و سه‌رده‌مه له‌وێ ده‌رئه‌چوو، به ناوی "كوردستان"، ده‌ربێنین، به بۆنه‌ی مه‌رگی گۆران و بۆ ڕێزگرتن له گۆران."
زۆر سپاسی كاک ئه‌نوه‌ری به‌ڕێز ده‌كه‌م كه به كاک برایمی فه‌ڕشی دا كۆپی ئه‌و ژماره تایبه‌تییه‌ی "كوردستان"ی بۆ ناردم. له پێناو ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری مێژووی ئه‌ده‌بیماندا ئه‌و سه‌رچاوانه زۆر به كه‌ڵكن. له داهاتوو دا بابه‌ته‌كانی ئه‌و ژماره تایبه‌تییه‌ی "كوردستان" - ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ر "مامۆستا گۆران"ن- ده‌نووسمه‌وه و ده‌یانخه‌مه به‌ر چاوان. ئه‌وانه‌ی ده‌و ژماره‌یه دا به بۆنه‌ی كۆچی دوایی "مامۆستا گۆران"ه‌وه شێعر و وتاریان نووسیوه نازناویان له بن بابه‌ته‌كانیان نووسیوه و ناوی ڕاسته‌قینه‌یان ئاشكرا نه‌كردووه. وێده‌چێ دوو له‌و خاوه‌ن بابه‌تانه كاک فاتیحی شێخولئیسلامی و كاک ئه‌میری حه‌سه‌نپوور بن. بۆ ناسینی خاوه‌ن بابهتهكان داوام له‌و به‌ڕێزانه كردووه ناوه‌كانم بۆ ئاشكرا بكه‌ن و ئه‌گه‌ر زانیاریی نهدركاویشیان له‌و باره‌وه هه‌بێ بیدركێنن.[1]
له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ئه‌و ژماره تایبه‌تییه‌ی "كوردستان" نووسراوه: "ژماره‌ی تایبه‌تی بیره‌وه‌ریی كۆچی دووایی هۆنه‌ری نه‌مری كورد مامۆستا گۆران". له بن وێنه‌ی "مامۆستا گۆران"یش نووسراوه: "پاش ئه‌وه كه هه‌واڵی مه‌رگی مامۆستا "گۆران"مان له ژماره‌ی 195 دا، بڵاو كرده‌وه، وه برا كورده خوێنخاوێنهكانمان له‌و كۆسته گه‌وره ئاگادار بوون، گه‌لێ ووتار و هه‌ڵبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه دا كه به ده‌ستی ته‌وانای لاوێكی كورد له ڕوی وێنه‌كه‌ی كێشراوه بۆ ناردین، ئه‌وا ئێمه‌ش به‌و بۆنه‌وه ئه‌م ژماره‌مان تایبه‌ت كرد به بیره‌وه‌ریی كۆچی دووایی مامۆستا "گۆران".
ئه‌و ژماره‌یه‌ی "كوردستان" بابه‌تی جۆراوجۆری تێدایه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی تایبه‌تن به مامۆستا گۆران به‌و چه‌شنه‌ن:
- به‌سه‌رهات و شوێنه‌واری مامۆستا گۆران؛ [وتار]، نووسینی: "هیوا" - تاران، ڕه‌شه‌مه 2574[ساڵی كوردی] -
- بۆ مه‌رگی گۆران؛ [شێعر]، نووسینی: "ئازاد" - بۆكان، ڕه‌شه‌مه 2574 -
- ناخی سروشت: سه‌رچاوه‌ی هه‌ستی گۆران؛ [وتار]، نووسینی: "ئارێز" - سنه، ڕه‌شه‌مه‌ی 2574 -
- بۆ "گۆران"؛ [شێعر]، نووسینی: "ئاور" - سابڵاخ، یه‌كه‌می ڕه‌شه‌مه 2574 -
- بۆ خوای به‌هه‌شتی شێعری كوردی "گۆران"؛ [شێعر]، نووسینی: "شه‌تاو" - مه‌ریوان-
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
[1]: كاک فاتیحی شێخولئیسلامی له وه‌ڵامی داواكهمدا بۆی نووسیوم: "ئه‌وه‌نده‌ی پاش 42 ساڵ دێته‌وه بیرم: "هیوا" نێوی كاک ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، "ئارێز" - سنه - كاک بایزیدی شیروانی ("مه‌ردۆخ"ی ئێستا)، "ئازاد" - بۆكان - كاک سواره[ئیلخانیزاده]، "ئاور" - سابڵاخ - كاک عه‌لی حه‌سه‌نیانی و "شه‌تاو" - مه‌ریوان - یش وه‌ک خۆت ڕاست بۆی چووبووی نێوی خۆمه.
جگه له‌م كه‌سانه "كاک عوبه‌یدی خاله‌قی"ش، كه هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ققاش بوو و براگه‌وره‌ی "كاک مه‌زهه‌ری خاله‌قی"یه، وێنه‌ی "گۆران"ی له ڕووی "به‌هه‌شت و یادگار"(یا "فرمێسک و هونه‌ر") به "سیا قلم" كێشابوو كه له لاپه‌ڕی هه‌وه‌ڵ چاپ كرابوو."
كاک ئه‌میری حه‌سه‌نپووریش له وه‌ڵامه‌كه‌یدا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كاک فاتیحی شێخولئیسلامی نازناوه‌كانی ناساندوون.
-----------------------------------------------------------------------------------------------
ناونیشانی ئه‌و ژماره تایبه‌تییه‌ی "كوردستان":
- كوردستان
- له بن نێوی "كوردستان" ئه‌و شێعره نووسراوه:
"ده‌ستی چابوک سواری خۆشبه‌ختی // دایكوتا داری به‌یره‌قی سێ ڕه‌نگ"
- سیاسی - زانیاریی - وێژه‌یی - كۆمه‌ڵایه‌تیی
- ڕۆژنامهیێكی حه‌وته‌یی كوردییه، حه‌وته‌ی جارێ چڵێكی ده‌رئه‌چێ
- خاوه‌نی امتیاز و مدیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7ی ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963 م
- چاپی تاران
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ مه‌رگی گۆران
ئازاد (سواره‌ی ئیلخانیزاده)
بۆكان - ڕه‌شه‌مه‌ی 2574ی كوردی[1963ی زایینی، 1341ی هه‌تاوی]
ئیتر له‌سه‌ر لێوی به‌یان، زه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕۆژ نابینین
ئیتر له بێشكه‌ی خه‌یاڵا، كۆرپه‌ی ئاواتمان نانوێنین
ئیتر "ده‌نگی نزمی عوودێ" له "جه‌رگی په‌رده" ناتكێ!
ئیتر "تریفه‌ی مانگه‌شه‌و"، به ناخی دڵا نالكێ!
له جێی "جریوه‌ی دارستان" ناڵه‌ی دڵی كۆست كه‌وتووه
گۆران خودای شێعری كوردی، له خاكی ڕه‌شا خه‌وتووه!
به "شنه‌ی سێبه‌ری داری توو"، "عاره‌قی ماندوویی ئه‌سڕین"
به‌ڵام كوڵی دڵی زامار، چاومان پڕ ئه‌كا له ئه‌سرین!
ئیتر نه "ئه‌ستێره‌ی به‌یان"، نه "نه‌غمه‌ی فریشته‌ی ئه‌لحان"
ناتوانێ جه‌رگی هه‌ڵقرچاو، پڕ كا له "هه‌ستی سپی و جوان"!
نه ڕه‌وتی بیربزوێنی كه‌و، نه "كه‌روێشكی گورج و قه‌ڵه‌و"
نه سرته‌ی دڵدار و دڵبه‌ر، نه سروه‌ی خه‌یاڵاویی شه‌و
نه "باڵدارێكی ئێسک سووک"، نه "شایی" پیرۆزی نۆبووک
نه بزه‌ی بێڕه‌نگی ئازیز، نه دیمه‌نی گه‌شی گڵووک
ئیتر هیچیان سپی ناكه‌ن، "كوێن"ی ماته‌می ژینی ڕه‌ش
"كاره‌بای ئۆخه" و ئاره‌زوو "ناخه‌نه بانی ڕه‌گی له‌ش"
"شه‌پۆلی ده‌ریای بێ سنوور" له داوێنی به‌ستێنا مرد!
مۆنجی په‌ژاره و په‌رۆشی قه‌ڵای پڕ هیوای دڵی برد!
خودات له‌گه‌ڵ بێ ئه‌ی گۆران! ئه‌ی خودای هه‌ڵبه‌ستی كوردی!
ئه‌وجار له دڵمانا زیندووی ئه‌گه‌ر له‌به‌ر چاومان مردی!
تۆ عاشقی جوانییێک بووی كه شاردراوه و نادیاری بێ
مه‌فتونی ئه‌و دونیایه بووی كه پڕ له سه‌فا و یاری بێ!
به‌ڵام ئه‌و دونیا ڕووناكه، به‌و هه‌سته خاوێن و پاكه!
له فیكری تۆ دا خۆی ده‌نواند، نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وی و خاكه!
حه‌یف! نه‌مای و ته‌ماشا كه‌ی، كوردستان چه‌ند جوان و خۆشه!
ئێستا له بن "توتڕكی" سوور "وه‌نه‌وشه بۆ تۆ په‌رۆشه"!
ئه‌وسا كێ به "سیحری نه‌غمه" له‌گه‌ڵ ڕۆحم سكاڵا كا؟!
وشكارووی سووتاوی زه‌وقم، پڕ گوڵی ئاڵ و واڵا كا!
كێ به زمانی ئاشنای دڵ باش له‌گه‌ڵ گیانم بدوێ؟!
خۆزگا! گوڵی ڕه‌شی نیسیان له سه‌حرای ژیانم بڕوێ!
كاتێ كۆچی زه‌وق و هونه‌ر له كێوی ژیان ئاوا بوو!
به‌هه‌شتی كوردستان چۆڵ بوو، به‌هه‌شتی خودا ئاوا بوو!
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
- حه‌وته‌نامه‌ی "كوردستان"
- خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7 ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963م
- لاپه‌ڕه 4
- چاپی تاران
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ خوای به‌هه‌شتی شیعری كوردی " گۆران"
مه‌ریوان: شه‌تاو (فاتیح شێخولئیسلامی[چاوه])
"ئه‌ی فریشته‌ی شیعری جوان" - هه‌ی ئه‌ژنۆی شكاوم! -
بۆ وا بێ ناز، داكه‌وتووی وه‌ک فرمێسكی چاوم؟
بۆ هه‌ر ته‌نیا تاپۆت دیاره له په‌رده‌ی ته‌مدا؟
بۆ به كزی وای له باخه‌ڵ دووكه‌ڵی شه‌مدا؟
شه‌ماڵ نایێ تۆزێ بسڕێ تۆزی ڕوومه‌تت
سوخمه لادا له سه‌ر سینگی وه‌ک سینگی بهتت؟
"ئاسۆی هیوا" ڕوون و گه‌شه، بۆ نایێیته جۆش؟
ئه‌ی وریشه‌ی ڕۆژی خه‌یاڵ! نۆبووک و ڕه‌شپۆش؟!
كوێراییم دایێ - چاره‌ی ڕه‌ش وای نه‌كردبێ -
"خوای به‌هه‌شتی" شیعری كوردی "گۆران" مردبێ؟
<> <> <>
هه‌ی با بڕژێ ئه‌سرینی خوێن وه‌ک ڕيژنهی باران:
"گوڵی خوێناوی" با شین بێ له لانزاران:
بووكی شیعر با سه‌ری خۆی بدا به به‌ردا!
كێ دی "تارای سورمهچنی" بدا به سه‌ر دا؟
ئاواڵی دڵمان - "ده‌ک - لاڵ بم" - بۆ به‌جێی هێشتین؟
بۆ تامی تاڵی ته‌نیایی وا زوو پێ چێشتین؟
"گۆران"، شابازی ئاسمانی ڕوونی شیعری كورد
له "سه‌رده‌می ههستانمانا" بۆ وا "نوست و مرد"؟
ئیتر كام ده‌نگ "بله‌رزێنێ له‌شی" قورسی "كێ‌و"؟
كام به‌سته فرمێسكی شادی بێنێته سه‌ر لێو؟
"ئاڵتوونی زه‌ردی لووتكه‌كان" كێ بێ لێی بدوێ
له باخچه‌ی كام هه‌ستی قاڵا "شیعری جوان" بڕوێ
كێ گوێ ڕابگرێ بۆ سرته‌ی دوو تنۆک باران
كه به یهكۆ ده‌ڕژێنه سه‌ر "مێرگی به‌هاران"
توخوا "شوانی كهپهنک ڕه‌ش"! ده‌س ده شمشاڵت
هه‌زار نه‌غمه‌ی پێ بگۆڕه به په‌نجه‌ی زاڵت!
تا ده‌یخه‌یته سه‌ر ئاهه‌نگی "ڕۆ ڕۆی پڕ به ده‌نگ"!
ڕۆحی "گۆران" ده‌بزوێنی له ناو گۆڕی مه‌نگ
به‌ڵكو هه‌ر به‌و سۆزه‌ی "هیوا"ی پێ لاوانده‌وه
دڵی هه‌زار به‌ردی ڕه‌قی پێ تاوانده‌وه
به كۆرپه‌ی هیوای تازه دا، هه‌ڵكا بهستهیێ
نه‌هێڵێ ڕۆحی بێ سه‌ما، له هیچ جه‌سته‌یێ
توخوا شوانه! به نه‌غمه‌یه‌ک نزم و حوزناوی
به نهغمهیێک وه‌ک "كناچهی پۆڕ" و مراوی
پێی بڵێ: گه‌رچی مه‌رگی تۆ هه‌ره‌سی خه‌م بوو
به‌هه‌شتی خواش بولبولێكی وه‌كو تۆی كه‌م بوو.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
- حه‌وته‌نامه‌ی "كوردستان"
- خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7 ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963م
- لاپه‌ڕه 9
- چاپی تاران
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
بۆ گۆران
سابڵاخ: ئاور (عه‌لی حه‌سه‌نیانی[هاوار])
یه‌كه‌می ڕه‌شه‌مه‌ی 2574ی كوردی[1963ی زایینی، 1341ی هه‌تاوی]
شه‌به‌قی سووری كاتی ڕۆژئاوا
ڕایگه‌یاندم هه‌واڵی گه‌رمێنێ
ورده ورده سروودی "ڕۆ ڕۆ"ی دڵ
به‌رز ئه‌بێ و گیان و له‌ش ئه‌له‌رزێنێ
<> <> <>
ڕهشهههورێک خه‌م پرووشه ئه‌کا
"خه‌م" به سه‌برا ئه‌ڵێ: نه‌ما "گۆران"!
سۆزی زریان به ده‌نگی شین و ڕۆ
ئه‌ڵێ: "گۆران" له ده‌ست چوو، داخی گران!
<> <> <>
له دوو چاوی كز و به خه‌و، ئه‌سرین:
تک تک ئه‌تكێ، ده‌ڵێی ده‌ڵێ: ڕۆ ڕۆ
یان ده‌ڵێی ده‌نگی "عوودی شانۆیه"!
دێته به‌ر چاو "جیلوه‌یی شانۆ"!
<> <> <>
بۆ مه‌گیم "كیژ"ی دڵ "گوڵ"ی ویستووه؟!
مانی گرتووه و "نایه‌ته شایی"!
یا نه ئاسكی له به‌ند خه‌لاس بووه؟
ڕاده‌كا، دوور ئه‌بێ له ئاوایی!
<> <> <>
له‌وه به‌ولا كوانێ موژدهدهرێک؟
تاكوو موژده‌ی "به‌یانی كورد" بێنێ!
یا نه "شمشاڵی خۆشی ده‌روێشێک"
ده‌شقه‌م ئازای له‌شم بسووتێنێ!
<> <> <>
كوانێ "گۆران" هه‌تا به باڵی خه‌یاڵ
"گه‌شت" بكه‌ین خوار و ژووری كوردستان؟!
به‌ڵكو دڵ بێته حاڵی چه‌قڵه‌سه‌ما
له ته‌ماشای "كاتی ڕان مۆڵدان"!
<> <> <>
ئه‌ی خودای شێعری كوردی، ئه‌ی "گۆران"!
وه‌كوو "زه‌رده‌ی هه‌تاو"ی "لووتكه‌ی" ژین
چه‌نده زوو چوویته ده‌ر له ناو كۆمه‌ڵ!
چۆن تواوه ڕنووی كه‌لی "به‌فرین"!
<> <> <>
تاوێكی چاو هه‌ڵێنه، بڕوانه!
كاكی "گۆران" له‌گه‌ڵ برای "كرمانج"
چۆن "گه‌یشتوونه یه‌ک" "له یه‌ک حاڵین"
وه‌خته "هه‌ر دوو" بگه‌ن به "یه‌ک ئامانج"!
<> <> <>
تاوێكی گوێ بده هه‌تا ببیه‌ی!
وتووێژی "شوان له‌گه‌ڵ ڕێبوار"!
چاو له خه‌ڵكی بكه و بزه‌ت بێتێ
كه‌س ئیتر ناڵێ: ئه‌وڕۆ "خۆزگه به پار"!
<> <> <>
داخه‌كه‌م ڕۆیت و به‌جێت هێشتین
ئه‌ی خودای شێعری كوردی، گیانت خۆش
خۆزگه ڕۆژێ له ڕێوه بۆم دێنای
به دیاری "وه‌نه‌وشه‌یی خامۆش"!
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
- حه‌وته‌نامه‌ی "كوردستان"
- خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7 ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963م
- لاپه‌ڕه 8
- چاپی تاران
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
به‌سه‌رهات و شوێنه‌واری مامۆستا گۆران
1962 - (؟)1904
تاران: هیوا (دوكتور ئه‌میری حه‌سه‌نپوور)
ڕه‌شه‌مه‌ی 2574ی كوردی[1963ی زایینی، 1341ی هه‌تاوی]
(1) به‌سه‌رهاتی مامۆستا گۆران
مامۆستا گۆران (عه‌بدوڵڵا به‌گ) له ساڵی 1904 یا 1905 له هه‌ڵه‌بجه له دایک بوو. له منداڵی‌دا ده‌ستی كرد به خوێندنی (قوڕئان). دوای دامه‌زرانی هه‌وه‌ڵ قوتابخانه‌ی تركان له هه‌ڵه‌بجه، له پۆلی یه‌كه‌م ده‌ستی به خوێندن كرد.
له ده‌وری ئیحتیلال(ده‌ست داگرتنی ئینگلیس به سه‌ر عێڕاق) مامۆستا توانی پۆلی چواری ئیبتیدایی ته‌واو بكا.
ساڵی 1919 دوو كه‌ڕه‌ت ماڵه‌كه‌یان تاڵان كرا و مامۆستا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرت. هه‌ر له‌و ساڵه دا بابی مرد. دوای ماوه‌یه‌ک له ههڵهبجهڕا ماڵیان گوێزته‌وه بۆ هه‌ورامان.
له 1921 ده‌چێته "مدرسه علمیه كركوک" به‌ڵام چه‌ند مانگێک زیاتر ناتوانێ بخوێنێ، كاكیشی ده‌مرێ و ئه‌ویش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی دایكی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له ساڵی 1937 به یارمه‌تی "ته‌وفیق وه‌هبی به‌گ" له یانه‌ی ڕێگاوباندا داده‌مه‌زرێ. دوای شۆڕشی عێڕاق له 1958، گۆران ده‌بێته مامۆستای شێعر و ئه‌ده‌بی كوردی له به‌شی كوردیی زانستگای به‌غدا. ڕۆژی 21 دێسامبری 1962 ئه‌ستێره‌ی ژیانی مامۆستا گۆران له ئاسمانی ئه‌ده‌بی كوردی ئاوا بوو.
(2) هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆران
هۆنراوه‌كانی مامۆستا به‌شی زۆری له گۆڤاره‌كاندا بڵاو بۆته‌وه. به‌ڵام له 1943 "گه‌شتی هه‌ورامان" كه له جوانترین هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆرانه، له "خوێنده‌واری باو"ی مامۆستا ته‌وفیق وه‌هبی به‌گ، بۆ نمونه‌ی پیتی لاتینی كوردی چاپكرا.
له 1950 كۆمهڵهشێعرێک به نێوی "به‌هه‌شت و یادگار" له به‌غدا له سه‌ر ئه‌ركی علا‌ءالدین سجادی له چاپخانه‌ی معارف بڵاو بۆوه. "به‌هه‌شت و یادگار" له 71 لاپه‌ڕه دا 31 هه‌ڵبه‌ستی تێدا بوو كه ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه زۆرتر "له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كانی جوانی دڵداری" خه‌ریک بوون.
هه‌ر له‌و ساڵه دا "فرمێسک و هونه‌ر" به یارمه‌تی ڕه‌شید عارف له چاپخانه‌ی معارفی به‌غدا ده‌ركه‌وت. 87 لاپه‌ڕه‌ی ئه‌و نامیلكه‌یه به 12 هه‌ڵبه‌ست و دوو هاوینهگهشت ڕازابۆوه. دوو هاوینهگهشتهكه - گه‌شتی هه‌ورامان و گه‌شتی قه‌ره‌داغ - یه‌كێكیان 10 به‌ند، ئه‌ویدی 21 به‌نده.
له 1957 س - ج - ئێدمۆندس، كه كوردناسێكی ئینگلیزییه، له كتێبه‌كه‌ی دا گه‌شتی هه‌ورامانی به پیتی لاتینی كوردی، كه له ئی مامۆستا وه‌هبی به‌گ وه‌رگیراوه، نووسی. له پاڵ هه‌ر یه‌ک له به‌نده‌كانی ئه‌و گه‌شته وه‌رگێڕاوه‌كانی به ئینگلیزی نووسیوه.[1]
ڕۆزنامه‌ی كوردستان، چاپی تاران، له ساڵی چواره‌می، گه‌شتی هه‌ورامان و 14 به‌ندی گه‌شتی قه‌ره‌داغی له‌گه‌ڵ 16 هه‌ڵبه‌ستی دی بڵاو كردۆته‌وه.
(3) شێوه‌ی شێعر و هه‌ڵبه‌سته‌كانی گۆران
مامۆستا گۆران باشتر له گشت شاعیرانی كورد توانی ته‌بیعه‌تی شێعری كوردی له ههڵبهستهكانیدا بپارێزێ. با له پێشدا بزانین ته‌بیعه‌تی شێعری كوردی چۆنه؟
"قه‌واعیدی عه‌رووزی" شێعری عه‌ڕه‌بی و فارسی وه‌ک دیل له به‌ند دا ده‌ست پێچ كردووه. كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه عاشقی ئه‌فسانه، پیاوه‌تی و سه‌ربه‌ستی؛ له سه‌ر ئهوهشڕا زمانه‌كه‌یان هێزێكی ته‌بیعی هه‌یه بۆ به‌یان كردن. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هه‌ڵبه‌ست و هۆنراوه‌یه‌كی زۆری ده‌رخستووه، وه ده‌توانین بڵێین كه هه‌میشه خاوه‌نی هه‌ڵبه‌ست و گۆرانی بووه كه به‌شی زۆریان ئێجگار به نرخن. قه‌واعیدی ئالۆز و شێواوی "علم عروض" كه شێعری فارسی و عه‌ڕه‌بی و تركی بێ هێز و بێ نوكته كردووه، له كوردیدا ته‌ئسیری نه‌بووه.[2]
زمانی كوردی له بناغه دا شاعیرانه‌یه؛ وه گه‌لی كورد، زۆرتریان شاعیرن. شێعری كوردی ته‌واو ته‌بیعییه، شتی مه‌سنووعی ناتوانێ جێی تێدا بكاته‌وه. هۆنه‌ر ده‌توانێ هه‌ر كاتێ ویستی ڕێ و شوێنێكی تازه دروست بكا. شێعری كوردی قاعیده‌یه‌كی سابتی نییه كه شێعر ده‌ربه‌ستی بێ. هۆنه‌ری كورد ده‌یه‌وێ بیری خۆی ده‌ربڕێ و ئامانجی ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه ئه‌و بیره‌ی به باشی و ڕوونی وه‌دی بێنێ. هه‌ر شێعرێک و هه‌ر گۆرانییه‌ک، شێوه و ڕێ و ڕه‌وشتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.[3]
با بزانین بیروڕای مامۆستا گۆران چۆنه:
"شێعره تازه‌كان به وه‌زنی په‌نجه(هجا) هه‌ڵبه‌ستراون، كه هه‌رچه‌ند شێعردۆستهكانی كۆن به خوێندنه‌وه‌ی ڕانه‌هاتوون، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زنی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییمانه له‌گه‌ڵ خصائیصی زمانه‌كه‌مان چاتر ڕێک ئه‌كه‌وێ، به پێویستم زانی له ماوه‌ی ته‌قه‌لای ئه‌ده‌بیی خۆما، ڕۆژ به ڕۆژ به‌ره‌و لایه‌نی به‌كارهێنانی ئه‌م وه‌زنه بچم، تا له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا وه‌زنی عه‌رووزم به ته‌واوی، وه لام وایه بۆ ئێجگاری، به‌ڕه‌ڵڵا كرد؛ مه‌گه‌ر پێویستێكی هانده‌ری تایبه‌تی ڕوو بدا."[4]
به‌ڕاستی شێعری گۆران مۆسیقای تێدایه؛ كه خوێنه‌ری شێعره‌كانی له كاتی خوێندنه‌وه دا گوێی لێ ده‌بێ و ئێحساسی ده‌كا. له "به‌یت و چریكه"ی كوردیدا نه‌سر و هه‌ڵبه‌ست و مۆسیقا تێكه‌ڵن. به‌یتبێژ له به‌یتێكدا ئه‌وی هه‌ڵبه‌سته ده‌بێ به ئاهه‌نگ بیخوێنێ و ده‌نگی لێ هه‌ڵێنێ. هه‌ر هه‌ڵبه‌سته‌ش هه‌وای خۆی هه‌یه. هۆنراوه‌كانی مامۆستا گۆران ده‌ڵێی به‌شێكه له‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له چریكه‌یه‌ک هێنراوه‌ته ده‌رێ و عنوانێكی له‌سه‌ر دانراوه.
لێره دا وێنه‌یه‌ک له هه‌ڵبه‌ستی دوو چریكه‌ی به‌ناوبانگی كوردی (خه‌ج و سیامه‌ند) و (مهم و زین) ده‌بینین كه به دوای وان‌دا هه‌ڵبه‌ستێكی گۆران دێ. ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه ئی زۆر كۆنن. شه‌باهه‌تی شێوه‌ی شێعری گۆران(نه‌ک شه‌باهه‌تی مه‌عنا) له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌ستانه كه له بیرێكی ساكار و ژیری كوردی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ده‌رده‌كه‌وێ:
ئه‌وه برام هاتووه، یه‌كه، سه‌ر تا پێی كینه و چه‌كه.
برام هاتوون دوونه، خه‌نجه‌ریان ده‌سوونه،
له بۆ گرتنی من هاتوونه،
برام هاتوون سێنه، هه‌موو شمشیر پێنه،
بۆ گرتنی من دێنه،
برام هاتوون چوارن، ته‌واو لێم داخدارن،
له گرتنی من هارن... - [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند] -
<> <> <> <>
چۆن بڵێن ئه‌وه‌تانێ ماوه! (خه‌جێ) (سیامه‌ند)ییه؟
به خودای خودای پاكی، به یه‌زدانی ڕووناكی
سوێند به جوانی و چاكی، به (تۆ) ڕۆڵه‌ی ئاو و خاكی
به خۆشه‌ویستی و جوانێ، به مه‌رگ و ژیانێ
به ڕۆژی ئاسمانێ، به ئاوه‌ڕوونكه‌ی كانێ،
به پیری كامرانی، لاوۆ هه‌رتۆم خودانی... - [چریكه‌ی خه‌ج و سیامه‌ند] -
<> <> <> <>
میران ئه‌تۆ گه‌لێک به فیكری
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م میر مهم خۆی له‌سه‌ر ئه‌سپی ڕاناگری
میر! په‌كی خۆت مه‌خه خراپم لێ قه‌وماوه
ئه‌من گه‌لێكم پێ له تۆ خۆشتره ئه‌و ڕاوه
ئه‌مما، نه‌خۆشێكی بێ ئیختیارم، جه‌رگم بڕاوه
میر ده‌ڵێ: كاكه‌مه‌م له خۆم نابینم مراد و كاوێ
حوكمه ده‌بێ ده‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌مه ڕاوێ... - [چرایكهی مهم و زین] - [5]
ئه‌وه‌ش به‌شێكه له "گوڵی خوێناوی" مامۆستا گۆران:
كوڕ:
بڕوانه: شایییه، چۆپییه، له‌و ماڵه،
گوێ بگره! زوڕنایه، ده‌هۆڵه، شمشاڵه!
زه‌رد و سوور تێكه‌ڵ بوون، ژن و پیاو، هه‌رایه،
له‌و ناوه هه‌ر هاڕه‌ی هه‌یاسه‌ی تۆ نایه!
سا تو خوا، خێرا كه، با بڕۆین، ده‌ست بگرین،
به كامی دڵداری پێكه‌وه هه‌ڵپه‌ڕین!
كچ:
گوڵ نه‌بێ بۆ سه‌رم: ئاڵ چه‌پكێ، زه‌رد چه‌پكێ،
نایه‌م بۆ زه‌ماوه‌ن، نایه‌م بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ!
گۆران له ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی ئێجگار توانایه. مه‌به‌ستی خۆی ده‌توانێ وا ده‌ربڕێ كه خوێنه‌ری هه‌ڵبه‌سته‌كانی ئێحساسی وه‌ی بكا كه له‌گه‌ڵ خۆی قسه ده‌كا، وه یان له باسی دیمه‌نێک خوێنه‌ری هۆنراوه‌ی وی وه‌ده‌زانێ ئه‌و دیمه‌نه به چاو ده‌بینێ. "س - ج - ئێدمۆندس" مامۆستای زمانی كوردی له له‌نده‌ن، له كتێبه‌كه‌یدا ده‌نووسێ: "له بابه‌ت هه‌ورامانه‌وه هیچ ته‌وسیفێكی من جوانتر نابێ له‌وه‌ی كه میرزا عه‌بدوڵڵا گۆران، هۆنه‌ری ئێسته‌ی كورد له گه‌شتی هه‌ورامان دا كوتوویه كه...". هه‌روه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌وێ باسی هه‌ورامان ناكا و گه‌شتی هه‌ورامانی گۆران وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر ئینگلیزی وه پێشكه‌ش خوێنه‌رانی ده‌كا.
له شێعره‌كانی گۆران دا زۆرتر باسی دڵداری و جوانی، دیمه‌نی كوردستان وه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كورد ده‌بینین. مه‌به‌ست له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ڕێ و شوێنه‌یه كه تایبه‌تی كوردانه، وه ئه‌وه‌ش بریتییه له شێوه‌ی قسه‌كردن، هاتوچۆی یه‌كتر(ته‌نانه‌ت نان خواردن) و ژنهێنان و گاڵته و گه‌پ كه له ناو گه‌لانی تر دا وه‌ک ئی كورد نییه و ئی وانیش جۆرێكی تره. به‌یانی به‌عزه گۆشه‌یه‌ک له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی كورد وه‌ک وێنه‌ی ڕووناک و جوان له دوو هاوینهگهشتهكه دا وه‌به‌ر چاومان ده‌كه‌وێ:
... شنه‌ی سێبه‌ری داری گوێز و توو
ئه‌سڕێ ئاره‌قی ڕێبواری مانوو
ته‌سكینی ڕێگای باخه‌وباخی وێڵ
"مانوو نه‌بی"یه: له‌م كێڵ بۆ ئه‌و كێڵ
"سه‌لامون عه‌له‌یک" مامه‌ی بن دار گوێز
سه‌لامی مانوو له پیری بێ هێز
"مه‌رحه‌با سه‌ر چاو" به‌چكه‌ی كاكۆڵ قیت... - [له گه‌شتی هه‌ورامان - ڕێگای ناو باخ] -
<> <> <> <>
تا ته‌واو ئه‌بێ "ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر"
په‌نگ ئه‌خواته‌وه لافاوی نوێژكه‌ر
نوێژ به‌تاڵ ئه‌بێ، جه‌ماعه‌ت بڵاو
چه‌ن پیرێک ئه‌بن به خڵته‌ی لافاو
سووچێک گه‌رم ئه‌كه‌ن به ڕازی جوانی
ئاخ به با ئه‌ده‌ن بۆ دنیای فانی... - [گه‌شتی هه‌ورامان - مزگه‌وت] -
<> <> <> <>
دوو سێ قۆریهی ڕه‌ش پشتێن ته‌نه‌كه
ئهكوڵا و هه‌ڵئه‌چوو ئه‌توت كهشكهكه
چای خه‌ست تێكدرا به كه‌وچكی چێو
ده‌رمان نۆش كرا پیاڵه‌ی لێوان لێو
ئه‌پاڕایته‌وه "مامه تو خوا به‌س"
نه‌رم نه‌ئه‌بوو خانه‌خوێی ناكه‌س؛
هه‌ر تێی ئه‌كرد بۆت، یه‌ک له‌سه‌ر یه‌كتر
به پیاڵه‌ی چڵكن، چای خه‌ستی وه‌ک قوڕ... - [گه‌شتی قه‌ره‌داغ - به‌ندی 12] - ["به‌ندی 11یه نه‌ک 12" - هێدی-]
له ته‌وسیفی دیمه‌نی شاخ و كێ‌و، یان باڵای به‌رزی كچه كوردێكی جوان گۆران مامۆستایه‌كی بێ وێنه‌یه:
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی قژ زه‌ردی چاوكاڵ
مل كه‌چ وه‌ستابوو، سه‌رگه‌رمی خه‌یاڵ
له‌سه‌ر قه‌بره‌كان، داری ئه‌رخه‌وان
وه‌ک بووكی تارا سه‌وزی ئاودامان
ڕوو له عه‌رشی پاک ئه‌له‌رایه‌وه
بۆ گیانی مردوو ئه‌پاڕایه‌وه... - [گه‌شتی قه‌ره‌داغ - به‌ندی 3] -
<> <> <> <>
كۆمه‌ڵه شاخێک سه‌خت و گهردهنكهش
ئاسمانی شینی گرتۆته باوه‌ش
سه‌رپۆشی لووتكه‌ی به‌فری زۆر سپی
به دارستان ڕه‌ش ناو دۆڵی كپی - [ئه‌و دێڕه ده وتاره‌كه دا كه‌وتووه. - هێدی-] -
جۆگه‌ی ئاوه‌كان تیایا قه‌تیس ما‌و
هه‌ر ئه‌ڕۆن ناكه‌ن پێچی شاخ ته‌واو... - [گه‌شتی هه‌ورامان - دیمه‌نی ڕێگا و بان] -
"به‌سته‌ی دڵدار"ی مامۆستا گۆران باسی جوانیی كچێكی كورده:
له ژێر ئاسمانی شینا،
له پاڵ لووتكه‌ی به‌فرینا،
كوردستان گه‌ڕام
دۆڵا و دۆڵ پێوام،
نه له شار و نه له دێ:
نه‌مدی كه‌س
وه‌ک تۆ جوان بێ
تۆیت و به‌س
كچه كوردێک دڵ پێی شاد بێ،
وه‌ک فریشته و په‌ریزاد بێ
<> <> <> <>
وه‌ک سه‌ره‌ڕۆی شوێن ئامانج
نه زازا ما، نه كرمانج،
گه‌ڕام كوردستان،
گه‌رمیان و كوێستان
نه له شار و نه له دێ
نه‌مدی كه‌س
وه‌ک تۆ جوان بێ،
تۆیت و به‌س - [ئه‌و دێڕه و دێڕه‌كه‌ی سه‌ره‌وه ده وتاره‌كه دا كه‌وتوون. - هێدی-] -
كچه كوردێک وه‌ک گوڵ وابێ،
كوردستانی پێ ئاوا بێ!
<> <> <> <>
مامۆستا گۆران هه‌ڵبه‌سته‌كانی به كوردییه‌كی په‌تی نووسیوه. هه‌ر یه‌ک له وشه‌كان مه‌عنایه‌ک ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌و مه‌عنایه زۆر جار به چه‌ند جومله‌ش به‌یان ناكرێ. قودره‌تی به‌یانی گۆران به كوردییه‌كی په‌تی، وته‌ی "سوهن"مان وه‌بیر ده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێ "زمانی كورده‌كان هێزێكی ته‌بیعی هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ست." له‌گه‌ڵ ئه‌و وشه كوردییانه، گۆران تهركیباتێک له‌كار دێنێ كه تایبه‌تی خۆیه‌تی: "شاری په‌نجه‌ره و ده‌رگا داخستوو"، "وه‌ک یه‌ک گیاندار و بێ گیان تیا نووستوو"، "ئالیک دواكه‌وتوو"، "ڕێگای هیوا نیشانده‌ر" و "سه‌ختی ژیان ئاسانكه‌ر"...
ڕه‌فیق حیلمی و مامۆستا سه‌جادی بڕوایان وایه كه گۆران تا ڕاده‌یه‌ک له شێعری ئینگلیزی و تركی ئیلهامی وه‌رگرتووه. ئه‌وه بڕوایه‌كی دروست و ڕاسته‌قینه نییه، چونكه هه‌ڵبه‌سته‌كانی گۆران بێجگه له یه‌ک دوویه‌كیان گشتی باسی كورد و وڵاته‌كه‌یه‌تی. شێوه‌ی ههڵبهستهكانیشی له هیچكوێ لاسا نه‌كراوه‌ته‌وه، چونكه هه‌روه‌ک دیتمان شێوه‌كانی گۆران له شێوه دا هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه سه‌دان ساڵ له‌مه‌و پێش له چریكه كوردییه‌كاندا پێک ده‌هێنرا، وه ئه‌و زه‌مان شێعر و ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیا له بیری كوردی ئاوی ده‌خوارده‌وه، هه‌روه‌ک ئێسته‌ش زۆرتر وایه. وێچوونی شێعری كوردی وه شێعری ئێسته‌ی گه‌لانی تر كه ده‌یانه‌وێ له به‌ندی قه‌واعیدی عه‌رووزی ڕزگاریان بێ، نابێ ئه‌مه بخاته سه‌ر ئه‌و گومانه كه شێعری كوردی لاساكراوهوهی شێعری وانه!
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
[1]: لاپه‌ڕه‌كانی 179 - 171. "كورد، ترک و عه‌ڕه‌ب"، نووسراوی: س - ج - ئێدمۆندس، چاپی زانستگای ئۆكسفۆرد، له‌نده‌ن 1957.
[2]: لاپه‌ڕه 160 - (گرامێر "ڕێزمانی" كوردی)، نووسراوی: ا- ب- سوهن، له‌نده‌ن 1913.
[3]: 1- لاپه‌ڕه‌ی 56 - 54 - "ڕێزمانی كوردی"، نووسراوی: پۆل ئابێ به‌یدار، پاریس 1926.
2- لاپه‌ڕه‌ی 6 - "به‌رژه‌وه‌ند و لێكۆڵینه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی - خه‌ج و سیامه‌ند"، نووسراوی: ع. ئه‌یوبیان.
[4]: سه‌ره‌تای "به‌هه‌شت و یادگار" - به‌غدا 1950
- گۆڤاری "دانشكده ادبیات تبریز"، ساڵی هه‌شته‌م، به‌هاری 1939، ته‌ورێز.
[5]: 1- "چریكه‌ی مهم و زین" - له لێكۆڵینه‌وه‌كانی "ع. ئه‌یوبیان"؛ گۆڤاری "دانشكده ادبیات تبریز" - ساڵی 14، پاییزی 41 ، لاپه‌ڕه 424.
2- "شێوه‌ی موكری" - نووسراوی: "ئۆسكار مان"، بێرلین 1906
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
- حه‌وته‌نامه‌ی "كوردستان"
- خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7ی ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963 م
- لاپه‌ڕه 2
- چاپی تاران
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
ناخی سروشت: سه‌رچاوه‌ی هه‌ستی گۆران
سنه: ئارێز (بایه‌زیدی شیروانی[مه‌ردۆخ])
ڕه‌شه‌مه‌ی 2574ی كوردی[1963ی زایینی، 1341ی هه‌تاوی]
وه‌نه‌وشه سه‌ركز و بێ ڕه‌نگ مردووه و خامۆشیی پڕ مانای ژیانی نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت سێبه‌ری توتڕكیش به سه‌ریا نهكشاوه؛ هه‌ورێكی بۆر و چڵكن به‌فری سه‌ر كه‌لی داپۆشیوه و جریوه‌ی ئه‌ستێره‌ش وه‌به‌ر چاو ناكه‌وێ، مانگه‌شه‌ویش وا بهینێكه كه‌س تریفه‌ی نابینێ. ته‌م و تاریكی سه‌ر كانیاوی ڕوونی داپۆشیوه و سه‌مای زیخ و چه‌و له بن ئاوه‌كه دا نابینرێ. كۆڕی گه‌رمی دیواخانی ئاغاش نه‌ماوه، كۆلكهزێڕینهش پشتی شكاوه و خۆی پێ ڕاناگیردرێ. به‌ری به‌یانی ئاسۆی هیوای كوردیش به‌سه‌ر چووه و هه‌تاو هه‌ڵاتووه و گزنگی زه‌رد و سووری كوردستانی ڕووناک كردۆته‌وه. فریشته‌ی عه‌شق و جوانی باڵی شكاوه و ملوێنكی شێعری جوانی پچڕاوه و به ڕاستی شانۆی سروشتی كوردهواری جیلوه‌ی نه‌ماوه.
بۆچی وایه! چ قه‌وماوه؟ به ڕاستی ئه‌وانه نه‌ماون یا كه‌س نایانبینێ. به‌ڵێ دیاره ئه‌و چاوه ورد و جوانبینه نه‌ماوه كه ئه‌و جوانییانه ببینێ، وه ئه‌و گوێیه ناسكه نه‌ماوه كه له‌ره و شنه و خشپه په‌رده‌كه‌ی بله‌رێنێته‌وه و هه‌ستی بكا. داخی گرانم ئه‌وه مامۆستا گۆران نه‌ماوه. ئه‌و چاوانه كه جوانییه‌كانی كوردستانی ئه‌بینی، ئه‌و جوانییانه كه له ناخی سروشتی كوردستان دایه و هه‌موو كه‌س نایبینێ؛ ئه‌و چاوانه كه له ته‌لێ وه‌نه‌وشه‌ی خامۆشی ژێر سێبه‌ری توتڕكا هه‌تاوه‌كو لووتكه هه‌ره به‌رزه‌كانی هه‌ورامانی ئه‌بینی ئێستا نووستووه و خاک و خۆڵ دایپۆشیوه. ئه‌و گوێیه‌ی كه ده‌نگه نه‌رمه‌كانی سروشتی كوردهواری پێ جوان بوو ئێستا پڕه له خاک. ئه‌و گیانه به نرخه كه له‌گه‌ڵ بولبول وتووێژی ئه‌كرد و له خامۆشیی ته‌لێ وه‌نه‌وشه په‌رۆش بوو، ئێستا خودا عالم له كام عه‌رش ئه‌سوێ داوێن.
گۆران به ڕاستی مامۆستای بێ وێنه‌ی شێعری كوردی بوو، گۆران هیچ شتێكی نهوێژراوی نه‌هێشتووه‌ته‌وه، هیچ دیمه‌نێكی جوان نه‌ماوه كه باسی نه‌كردبێ. به‌ڵام ئه‌و دیمه‌نه كه گۆران سه‌رنجی ئه‌دا هه‌ر ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌یه كه ساڵه‌های ساڵه هه‌ر بووه و كه‌س پێی نه‌زانیوه یا باسی نه‌كردووه. ئه‌و شته كه خه‌ڵک ئه‌یانبینی سه‌رنجی گۆرانی ڕانهئهكێشا، به‌ڵام گۆران ئه‌و شتانه‌ی هه‌ست ئه‌كرد كه له ناخی سروشت دا هه‌یه. به ڕاستی ڕووی كام گۆمی شین و مه‌نگه یا كام داری شۆخ و شه‌نگه كه به چریكه‌ی بهستهكانی گۆران نهلهرابێتهوه، یا كام شاخی سه‌خت و به‌رزه كه له سۆزی مۆسیقای شێعری گۆران نه‌كه‌وتبێته بوومه‌له‌رزه، ناخی كام ئاسمانی بێ بنه كه هه‌ناسه‌ی سیحراویی گۆران پڕ له شنه‌ی نه‌كردبێ، یاخۆ كام ده‌ریای زۆر قووڵه كه بنی له له‌ره‌ی لێو و خشه‌ی قه‌ڵه‌می گۆران به جووڵه‌جووڵ نه‌كه‌وتبێ. گۆران كه سه‌ری هه‌ڵێناوه جوانترین ئه‌ستێره‌ی ئاسمانی دیوه و كاتێ له باخچه دا گه‌شتی كردووه جوانترین گوڵی به‌هاری چنیوه. له گه‌رووی شمشاڵ و له ته‌لی كه‌مان گه‌لێ ئاوازه‌ی جوان هه‌ڵساوه، به‌ڵام ده‌نگه نه‌رمه‌كان زۆرتر سه‌رنجی گۆرانی ڕاكێشاوه. له چاوی ئافره‌تێكی جوان‌دا زۆرتر له ڕه‌شیی چاوی، تیشكی نیو نیگای گۆرانی مه‌ست كردووه. وادیاره ئه‌و جوانییه كه گۆران له دیمه‌نی جوانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی دا ئه‌یبینێ هیچ جوانییه‌كی تر به‌و پایه له جوانیدا نه‌گه‌یشتبێت، چونكو ئه‌ڵێ:
كام ئه‌ستێره‌ی گه‌ش، كام گوڵی كێوی
ئاڵه وه‌ک كوڵمی، لاجانگی، لێوی؟
كام ڕه‌شی، ئه‌گا به ڕه‌شیی چاوی؟
برژانگی؟ برۆی؟ ئه‌گریجه‌ی خاوی؟
كام به‌رزی جوانه وه‌ک به‌رزیی باڵای؟
كام تیشک ئه‌گاته تیشكی نیو نیگای؟
كام تاسه، كام مه‌یل، كام چاوه‌نواڕی
ته‌لیسماوییه وه‌ک هی دڵداری؟
له وه‌سفی جوانی دا گۆران ئه‌وه‌نده به ده‌سه‌ڵات بووه كه یارمه‌تی له هیچ شتێكی تر جیاواز له وهسفكراوهكهی بۆ وه‌سف وه‌رنه‌گرتووه. گۆران ناخی جوانییه‌كه‌ی هه‌ست كردووه و بۆ به‌یانی ئه‌و جوانییه تا ڕاده‌یه‌كی وا شاره‌زا و پڕ ده‌سه‌ڵات بووه كه خوێنه‌ری هۆنراوه‌كانی به ئاسته‌م ئه‌و هه‌موو جوانییه هه‌ست ئه‌كا. وه‌كو ئه‌زانین له ئه‌ده‌بی پێش گۆران‌دا هه‌موو جوانییه‌ک به وشه‌ی جیاواز له‌و جوانییانه به‌یان كراون. بۆ وێنه لێوی ئاڵ به خوێنی دڵی ئاشق یا یاقوت وه‌سف كراوه. گۆران ئه‌گه‌ر ویستوویه جوانییه‌ک به‌یان بكات وه وشه‌ی وه‌های ده‌س نه‌كه‌وتووه كه ئه‌و جوانییه‌ی پێ بناسێنێ له مۆسیقا یارمه‌تی وه‌رگرتووه و ئاهه‌نگێكی به شێعره‌كه‌ی داوه كه خوێنه‌ر به هۆی ئه‌و ئاهه‌نگه‌وه مه‌به‌ستی گۆران هه‌ست ئه‌كا. له وشه‌ی شێعره‌كانی گۆران‌دا تۆنێكی تایبه‌تی هه‌یه كه ئه‌گه‌ر باسی شتێک بكا بێ ئه‌وه به‌یانی زۆرتری پێویست بێ مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌رئه‌خا. گۆران به ڕاستی مه‌یل و تاسه‌ی كوردی بۆ شێعر پاراو كرد.
هۆنراوه‌كانی گۆران زنجیری شێعری كوردیی كۆنی پچڕی، هه‌روه‌كوو ئه‌وڕۆی كورد كه هیچ قه‌ید و به‌ندێک قبوڵ ناكا. گۆران شێوه‌ی ژیانی كوردی به زمانێكی سیحراوی به‌یان كرد. گۆران شاعیری هه‌موو چینه‌كانی كوردستان بوو، شایی و خه‌می هه‌موو چینه‌كانی به وشه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌یان كردووه. به ڕاستی گۆران كۆمهڵهناسێكی پسپۆڕ بوو كه ناخ و بنی نه‌ناسراوترین كۆمه‌ڵه‌كانی كوردی سه‌رنج داوه. له شێعری دا كه باسی ژیانی شوانێک ئه‌كا تابلۆیه‌ک له به‌ر چاومانا دائه‌نێ كه هه‌موو شتێكی ئه‌و ژیانه‌ی تێدایه، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگ و مۆسیقای ئه‌و ژیانه‌شی تێدا ئه‌بینرێ و ئه‌بیسترێ. كاتێ كه باسی سۆزی شمشاڵی ده‌روێشێک ئه‌كا سۆزی شمشاڵه‌كه له تۆی شێعره‌كه‌ی دایه. پیاو كه "گه‌شتی قه‌ره‌داخ" و "گه‌شتی هه‌ورامان" ئه‌خوێنێته‌وه خۆی له‌و گه‌شتانه دا به هاوڕێی گۆران ئه‌زانێ. گۆران كه باسی دیمه‌نێک ئه‌كا هه‌موو شتێكی ئه‌و دیمه‌نه هه‌ست ئه‌كا، ئه‌وه‌یه كه خوێنه‌ری شێعره‌كانی به جارێ ئه‌بینێ و ئه‌بیستێ و بۆن ئه‌كا. له عه‌شق و ئاواتی شوانێک وه‌ها ئه‌دوێ كه خوێنه‌ر پێی وایه شوانهكهیه كه ده‌روونی به كوڵی بۆت هه‌ڵئه‌ڕێژێ. ئینجا گۆران بۆ سه‌لماندنی مامۆستایه‌تی خۆی له وه‌سف و تێبینی شته‌كانی تری غه‌یر كوردهواری به‌سته‌ی "شه‌وێک له عبدالله" دائه‌نێ، كه هه‌ر كاتێ ئه‌یخوێنمه‌وه پێموایه كه خۆم له به‌ر مێزێكهوه دانیشتووم و دیمه‌نی ئه‌و "هۆڵه" ئه‌بینم. به‌ڵام له‌و به‌سته دا وا ده‌رئه‌كه‌وێ كه گۆران خه‌وی نێو جێگاكه‌ی خۆی، وه له چوارچێوه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی، له دیتنی دیمه‌نی ئه‌و هۆڵه پڕ سه‌رخۆشییه به لاوه باشتر بووه، چونكو زوو ماندوو ئه‌بێ و به‌جێی دێڵێ. گۆران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه شاره‌زای ڕه‌سم و شێوه‌ی ژیانی كوردهواری بووه، وه‌كو یه‌كێكی شاره‌زا دیمه‌نی "عبدالله" به‌یان و وه‌سف ئه‌كا. هه‌ر به‌و نه‌وعه كه جوانییه‌كانی نهێنی دیمه‌نه‌كانی كوردستانی هه‌ست كردووه له "عبدالله"شدا چه‌ند سه‌رنجێكی ورد و پشكێنه‌ری داوه كه بێ گومان ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ژیانیان هه‌میشه له‌و جۆره جێگایانه ڕابواردووه سه‌رنجی وایان نه‌داوه و نه‌یانتوانیوه وه‌كو گۆران جوانییه نهێنییه‌كانی هه‌ست بكه‌ن و بیانبینن.
گۆران له سروشتی ئافره‌تدا جگه له‌و جوانییه كه ئه‌وی سه‌رمه‌ست كردووه شتێكی تری زۆر به لاوه گرنگ بووه كه له شێعره‌كانیدا خۆسهویستهكهی پێ ڕازاندۆته‌وه، كه سه‌رسه‌ختیی ئافره‌ته له پێناوی دڵداریدا. گۆران ئه‌و جۆره عیشوه‌ی تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ سه‌رسه‌ختیدا به یه‌كێک له خووه سروشتییه‌كانی ئافره‌ت زانیوه و ژنی بێ ئه‌و زیوهره به لاوه جوان نه‌بووه.
چلۆنیه‌تی ژیان و مردن و هۆی له دایكبوونی مرۆڤ پرسیارێكی گرنگ و شایانی بیرلێكردنه‌وه بووه بۆ گۆران و به واته‌ی خۆی هه‌ر كام له‌و پرسیارانه به نه‌وعێک یه‌خه‌ی ئه‌گرێ، هه‌ر كام جۆرێ دێته پێشێ و هێنده له‌و پرسیارانه سزا ئه‌كێشێ كه ئه‌ڵێ:
ئه‌میان یه‌خه‌مان ئه‌گرێ
جوابی ئه‌ممان پێ نادرێ
ئه‌وی تر دێته پێشێ
ورد ورد گیانمان ئه‌كێشێ
بێ گومان وه‌كو هه‌موو مرۆڤێک ئه‌و موعه‌ممایه بۆ گۆرانیش بێ جواو مابوو تاوه‌كو ده‌ستی پڕ هێزی ئه‌جه‌ل ئه‌وی له بیركردنه‌وه ڕزگار كرد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی تایبه‌تی له ژیانی گۆران‌دا بده‌ین بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ كه گۆران له ژیانی خۆی دا ڕێگایه‌كی وه‌پێش گرتبوو كه له لایه‌كه‌وه جوابی به‌و پرسیارانه دابووه‌وه، له لای تره‌وه خۆی به‌و كاره دڵخۆش كردبوو. ڕێگای گۆران له ژینی دا خزمه‌ت به گه‌ل بوو، كه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و مه‌به‌سته جوانه‌ی خۆی ئه‌ده‌ب و شێعری كوردی بووژانده‌وه و ئامانجه‌كه‌ی به‌دی هات و ئێستا له كۆشكی ئارامیدا سه‌رخۆشی باده‌ی خه‌باتی گه‌له‌كه‌یه[تی].
بۆ مه‌رگی گۆران ته‌نیا پێویسته بڵێین: نامرن ئه‌وانه وا له دڵی میلله‌تا ئه‌ژین.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
- حه‌وته‌نامه‌ی "كوردستان"
- خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری لێپرسراو: عبدالحمید بدیعالزمانی
- سه‌رنووسه‌ر: دوكتۆر محمدصدیق مفتی زاده
- ژماره‌ی 43 - ساڵی چواره‌م - ژماره‌ی شوێن یه‌ک 197
- چوارشه‌مه - 7ی ڕه‌شه‌مه - 2574 ک، 8 ئه‌سفه‌ند - 1341 ش - 2 شه‌وال 1382 ق - 27 فوریه 1963 م
- لاپه‌ڕه 5
- چاپی تاران
