شاعیری ناوداری فارس "فروغ فه‌ڕوخزاد[1935- 1967]" شێعرێکی هه‌یه به ناوی "دیو شب(دێوی شه‌و)"، که به خوێندنه‌وه‌ی گۆرانی "لانک لانک لانکۆڵێ"ی "خه‌لیلی سه‌دیقی[1930- 1970]"م وه‌بیر دێته‌وه. هه‌ردووکیان وته‌ی دایکێکی خاوه‌ن مێرد و منداڵن که ده‌گه‌ڵ پیاوی دیکه ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌که‌ن.
له شێعری "دیو شب" دا، "فروغ" وه‌ک ژنێکی خاوه‌ن مێرد و دایکی کوڕێکی شیره‌خۆره(کامی)، ده‌چێته ژوانی پیاوێکی دیکه و ده‌ستی ده‌گه‌ڵ تێکه‌ڵ ده‌کا. دوایه ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵێ و کوڕه‌که‌ی له‌سه‌ر کۆشی داده‌نێ و به لایه لایه ده‌یلاوێنێته‌وه. پێی ده‌ڵێ: بنوو، ده‌نا "دێوی شه‌و" دێ و ده‌تبا. پاشان "دێوی شه‌و" لێی وه‌ده‌نگ دێ و پێی ده‌ڵێ: ئه‌من له تۆ نا‌ترسێم، چونکه ئه‌تۆ داوێن پیسی و حورمه‌تی دایکایه‌تیت نه‌پاراستووه و ده‌ستت ده‌گه‌ڵ پیاوێکی دیکه تێکه‌ڵ کردووه. ڕاسته که من دێوم، به‌ڵام تۆ له من دێوتری. سه‌ری ئه‌و منداڵه پاکه له‌سه‌ر داوێنی پیست لابه. له ئاکامدا دایکه‌که ده‌یسه‌لمێنێ که داوێنی پیسه و داوا له منداڵه‌که‌ی ده‌کا سه‌ر له‌سه‌ر داوێنی هه‌ڵگرێ[1].
"فروغ" له ته‌مه‌نی شازده ساڵیدا، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زامه‌ندیی بنه‌ماڵه‌که‌ی، مێرد به "په‌رویزی شاهپور" ده‌کا، که سی و یه‌ک ساڵی ته‌مه‌ن بووه. هه‌رچه‌ند "فروغ" ئاشقی ئه‌و مێرده‌ی بووه و به دڵ و دا‌و مێردی پێکردووه، به‌ڵام هێنده‌ی پێ ناچێ ئاگری ئه‌و ئه‌وینه‌ی داده‌مرکێته‌وه و له‌و مێرده‌ی جیا ده‌بێته‌وه. "فروغ" هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشت ده داب و نه‌ریتی چه‌وت و زاڵمانه‌ی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ده‌کا و به بێ سڵه‌مینه‌وه له‌و داب و نه‌ریته، نیازی جینسیی خۆی داده‌مرکێنێته‌وه. به‌ڵام دوای دامرکانه‌وه، ده‌گه‌ڵ ویژدانی خۆی ده‌که‌وێته ململانێ و سه‌رکۆنه‌ی خۆی ده‌کا و خۆی به گوناحکار ده‌زانێ. له قۆناغێکی دیکه‌ی ژیانی دا به‌سه‌ر ئازاری ویژداندا زاڵ ده‌بێ و سوورتر له جاران له داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ڕاده‌سێ و چیدیکه خۆی له‌به‌ر دامرکاندنه‌وه‌ی نیازی جینسی سه‌رکۆنه ناکا و چێژ له‌و کرده‌وه‌یه‌ی وه‌رده‌گرێ که له لایه‌ن کۆمه‌ڵگاوه به "گوناح" داده‌ندرێ[2].
شێعری"لانک لانک لانکۆڵێ[3]"ش به‌سه‌رهاتی دایکێک ده‌گێڕێته‌وه که وێده‌چێ به نابه‌دڵی و به زۆری به مێرد درابێ و فیدای داب و نه‌ریتی چه‌وتی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاری بووبێ. ئه‌و ژنه‌ش وه‌ک "فروغ" گوێ ناداته ئه‌و داب و نه‌ریته و له پێناو دامرکاندنه‌وه‌ی نیازی جینسیی خۆیدا له هیچ ناسڵه‌مێته‌وه و ته‌نانه‌ت ئاواتی مه‌رگ بۆ مێرد و منداڵه‌که‌ی ده‌خوازێ، هه‌تا بۆ گه‌یشتن به ژوانگه به‌رهه‌ڵستێکی له‌به‌ر نه‌بێ.
"فروغ" له‌سه‌ر نووسینی ئه‌و چه‌شنه شێعرانه ده‌که‌وێته به‌ر لۆمه‌ی کۆمه‌ڵگا و سووک سه‌یر ده‌کرێ و توشی گه‌لێک گیروگرفت ده‌بێ. هه‌ر له‌و ڕوانگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌شه‌وه، ئه‌وه‌ی ده شێعری "لانک لانک لانکۆڵێ" دا ده‌رده‌بڕدرێ، به دیارده‌یه‌کی دزێو داده‌ندرێ و وه‌ک زینا سه‌یر ده‌کرێ. له‌باتی لێکۆڵینه‌وه له دیارده‌که و نه‌هێشتنی ئه‌و گرێیانه‌ی پێکهێنه‌ری دیارده‌یه‌کی ئاوان، هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌درێ. "خه‌لیلی سه‌دیقی" ئه‌و شێعره وه‌ک خۆی به گۆرانی ده‌ڵێته‌وه، به‌ڵام "بیژه‌نی کامکار"، که زۆر دوای "خه‌لیلی سه‌دیقی" ئه‌و گۆرانییه ده‌ڵێته‌وه، ده‌ستی تێوه‌رده‌دا و له پێناو داپۆشینی "دیارده دزێوه‌که" دا سه‌قه‌تی ده‌کا و ئاداری به سه‌ر پادارییه‌وه ناهێڵێ[4]!
ئه‌و هه‌ویره ئاوی زۆر ده‌وێ و به من ناشێلدرێ. بۆ من وێک‌چوونی بیر و نیازی ئه‌و دوو ژنه له‌و شێعرانه دا جێی سه‌رنجه. به‌داخه‌وه دیارده‌ی وا له نێو مه دا که‌متر لێی ده‌کۆڵدرێته‌وه و زۆرتر هه‌وڵده‌درێ دیزه به ده‌رخۆنه بکرێ.
-------------------------------------------------------------------------------------------------------
[1]:
لای لای ای پسر كوچك من
ديده بربند كه شب آمده است
ديده بر بند كه اين ديو سياه
خون به كف، خنده به لب آمده است
سر به دامان من خسته گذار
گوش كن بانگ قدمهايش را
كمر نارون پير شكست
تا كه بگذاشت بر آن پايش را
آه بگذار كه بر پنجره‌ها
پرده‌ها را بكشم سرتاسر
با دو صد چشم پر از آتش و خون
مي‌كشد دم به دم از پنجره سر
از شرار نفسش بود كه سوخت
مرد چوپان به دل دشت خموش
وای آرام كه اين زنگی مست
پشت در داده به آوای تو گوش
يادم آيد كه چو طفلی شيطان
مادر خسته خود را آزرد
ديو شب از دل تاريكی‌ها
بی خبر آمد و طفلك را برد
شيشه پنجره‌ها می‌لرزد
تا كه او نعره زنان می‌آيد
بانگ سر داده كه كو آن كودك
گوش كن پنجه به در می سايد
نه برو دور شو ای بد سيرت
دور شو از رخ تو بيزارم
كی توانی برباييش از من
تا كه من در بر او بيدارم
ناگهان خامشی خانه شكست
ديو شب بانگ بر آورد كه آه
بس كن ای زن كه نترسم از تو
دامنت رنگ گناهست گناه
ديوم اما تو زمن ديوتری
مادر و دامن ننگ آلوده!
آه بردار سرش از دامن
طفلك پاك كجا آسوده؟
بانگ می‌میرد و در آتش درد
می گدازد دل چون آهن من
می‌كنم ناله كه كامی، كامی
وای بردار سر از دامن من.
o بۆ زانیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌و دیارده‌یه له ژیان و شێعری "فروغ" دا، بڕوانه ئه‌و وتاره‌ی "عباس احمدی" که له چوار به‌شاندا نووسراوه.
http://mag.gooya.com/columnists/archives/019152.php
[2]: بڕوانه شێعری "گناه"، که ئاوا ده‌ست پێده‌کا:
گنه كردم گناهی پر ز لذت
درآغوشی كه گرم و آتشين بود
گنه كردم ميان بازوانی
كه دا‌غ و كينه جوی و آهنين بود.
http://www.avayeazad.com/foroogh_farokhzad/divar/1.htm
[3]:
لانک لانک لانکۆڵێ
لانک له دار هه‌نارێ
وه‌ستا بێ له تارانێ
لانکێ دروست کا بۆ چاوجوانێ
ده‌ڵێ ده لانکێ‌دا نانووم
ده‌با بۆی ساز که‌ین جۆلانێ
هه‌ی ڕۆڵه سه‌ر دڵ خڕ بی، باب‌مردوو بی
شه‌و دره‌نگه بۆ جێژوانێ
جا ئه‌وه ڕۆژی ڕووناکه، هه‌موو عاله‌م ده‌یزانێ!
o ڕوون نییه ئه‌و شێعره که‌نگێ گوتراوه و کێ گوتوویه، بۆیه به فۆلکلۆر داده‌ندرێ.
[4]:
"بیژه‌نی کامکار" سه‌روگوێلاکی شێعره‌که وا تێک ده‌کاته‌وه به زه‌حمه‌ت ده‌ناسرێته‌وه! بۆ وێنه له باتی " هه‌ی ڕۆڵه سه‌ر دڵ خڕ بی، باب‌مردوو بی" ده‌ڵێ: "هه‌ی ڕۆڵه سه‌رکه‌وتوو بی، باب‌مردوو بی"!
