تبليغاتX
nation کردستان kurd
تاریخی .سیاسی. اجتماعی.

به ناوی خوای گەوره

 

شاری سەردەشت تا دوو ساڵ لەمەوبەر هیچ زانكۆیەكی نەبوو تا دانیشتوانی شارەكەمان بتوانن لەوێدا خەریكی خوێندن و بردنەسەری پلەی زانیاری خۆیان بن،به خۆشیەوه له ساڵی 1383ی هەتاویدا به دوای هەوڵ و تێكۆشانێكی زۆری دڵسۆزان و كاربەدەستانی شارەكەمان سەردەشت،زانكۆی (پیام نور) لەو شاره كرایەوه و له یەكەم دەوری خۆیدا توانی به شێوەی (فراگیر) خوێندكار وەرگری،ئەوەش له حاڵێكدابوو كه له سەرەتادا شوێنێك بۆ ئەو زانكۆیه دیاری نەكرابوو تا تێیدا دابمەزرێ و كاری خۆی دەستپێبكا ئەوەش به هۆی نەبوونی ئیمكاناتی ماددی بوو كه تا ئەوكات نەیتوانی بوو شوێنێك بۆ خۆی بكڕێت،نەبوونی ئیمكاناتی ماددی زانكۆی سەردەشت گەورەترین گرفتی ئەو مەڵبەنده فێركارییه بوو بە شێوەیەك كه زۆربەی زۆری مامۆستایان و كارمەندانی زانكۆ به شێوەی خۆبەخشی (افتخاری) و بەبێ چاوەڕوانی ماددی كاریان دەكرد.

ئەمڕۆ كه چەند ساڵێك له كرانەوەی ئەو زانكۆیه تێدەپەڕێ گرفتی ماددی بەرچاوترین كۆسپی سەر ڕێیانه كه ئێستاش نەیانتوانیوه شوێنێكی تایبەت بە خۆ دابین بكەن و هەروا به هومێدی كۆمەك و یارمەتی خەڵكی خێرخوازن و به هەموو شێوەیەك پڕووپاگەنده بۆ ئەو كەسانه دەكەن كه یاریدەریانن و پێداویستیەكانی زانكۆیان بۆ دابین دەكەن.

له رۆژی 27 ی خاكەلێوەی هەشتاوپێنج دا بەڕێوەبەرانی زانكۆی (پیام نور) ی سەردەشت له بانگهێشتێكدا رێوڕەسمێكی تایبەتیان بۆ ساڵڕۆژی له دایكبوونی پێغەمبەری خۆشەویست حەزرەتی محەممەد (د.خ) پێكهێنا و بۆ ئەوەی كه بتوانن هەرچی زۆرتر دانیشتوانی شار و ناوچه بۆ ئەو كۆڕه راكێشن دەستیان دایه بڵاوكردنەوەی نووسراوە و بڵاوكراوه له لاپەڕی گەورەی رەنگیدا و هەر دووكان و شوێنێك كه جێگەی هەبایه نووسراوەیەكت تێدا وەبەر چاو دەكەوت،به وتەی وێبلاگی(شهر من سردشت)دەبێ كاری بانگهێشتن و نووسراوه بڵاوكردنەوه تەنیا بۆ شاری سەردەشت نەبووبێ بەڵكوو له تەواوی وڵاتی ئێراندا كرابێ و گەورە پیاوان و خەڵكانیان بانگهێشتی ئەو كۆڕوكۆبوونەوه كردبێ،رێوڕەسمەكه له كاتژمێری 10 ی بەیانی تاكوو 4 ی ئێوارەی رۆژی یەك شەممه له مزگەوتی سوور(جامعه) بەڕێوه چوو.

ئەوەی لێرەدا سەرنج راكێشه ئەوەیه كه زانكۆی (پیام نور) ی سەردەشت (وەك دەڵێن) بە هۆی نەبوونی ئیمكاناتی ماددی،بۆ خۆی چۆن توانیویەتی خەرجی ئەو رێوڕەسمه بدات! یا دەبێ كام پیاوه دەست و دڵ ئاوەڵه خانەخوێی میوانەكانی بەرپرسانی زانكۆ بووبێت و نەیهێشتبێت باری گرفتی ماددی زانكۆ لەوەی كه هەیه زیاتر بێت؟

یا ئەرێ ئەو كاره له راستیدا بۆ ئەوڕۆ پێویست بوو،نەدەكرا رێوڕەسمەكه بۆ ساڵانی داهاتوو بایە و ئێستا له هەوڵی چارەسەر كردنی گرفتەكانی نێو زانكۆدا بووبان،پێم وایه ئەو كاره رووحی خۆشەویستی  خوای زۆرتر لەوەی كه كردیان شادتر كردبایه.

پرسیار له بەڕێوەبەرانی زانكۆی(پیام نور) لێرەدا شتێكی ئاسایی و پێویسته بكرێت،ئەرێ ئەو بانگهێشتەی كه پێكتان هێنا و بە قەولی بەڕێز ئازەری (اقدامی جسورانه) ی ئێوه چ دەسكەوتێكی له باری ماددی و مەعنەویدا بۆ زانكۆی (پیام نور) ی شارەكەمان هەبوو؟ ئەرێ توانیتان گۆشەیەك له پێداویستیەكانی زانكۆی پێ دابین بكەن؟ ئەرێ بەو هەموو خەرجی و زەحمەت و خەڵك كۆكردنەوه و گەوره پیاو بانگ كردنه توانیتان تەنیایەك مامۆستای زانكۆ بۆ سەردەشت راكێشن؟ ئەرێ ئەو گەوره پیاو و مامۆستا زانكۆیانەی بانگهێشت كرابوون چ شتێكی بەكەڵكیان له باری زانست و فێربوونەوه بۆ خوێندكارانی زانكۆكەمان به دیاری هێنابوو؟ یان ئێوەی بەڕێز توانیتان وابكەن ئەو دڵه ئیقیانووسییەی ئامادەبوان بۆ تەنیا رۆژێك، بۆ زانكۆی (پیام نور) ی سەردەشت لێبدات؟

به هومێدی ئەو رۆژەی كه زانكۆی (پیام نور) و زانكۆی ( آزاد اسلامی) - كه له حاڵی دامە‌زران دایه- بتوانن خزمەت به وڵات و گەلەكەیان بكەن و ببنه چرای رێگەی فێربوونی خوێندكاران و دانیشتوانی شارەكەمان سەردەشت و بەڕێو‌ەبەرانیشیان ببنه نمونەی خزمەت كردن و لەخۆ بردوویی.

بەو هیوایه

سیروان حەدداد 4 ی بانەمەڕی 1385هەتاوی- سەردەشت

Sirvan_haddad@yahoo.com

 

+ نوشته شده در  سه شنبه دوازدهم اردیبهشت 1385ساعت 19:33  توسط یک کرد  |